AP ١٤٠٥ گەڵاڕێزان ٦ ٠٦:٤٠

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە ئێران و ئەمریکاوە کرد؛ ئێمە نابینە بەشێکی شەڕ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە ئێران و ئەمریکاوە کرد؛ ئێمە نابینە بەشێکی شەڕ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ واشنتۆن و تاران کردووە و لەم پەیوەندیانەشدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لایەن نییە لە ململانێی نێوان هەردوو وڵات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، میدل ئیست نیوز، نووری عوسمان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕووسیا تودەی ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ واشنتۆن و تاران کردووە و لەم پەیوەندیانەشدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لایەن نییە لە ململانێی نێوان هەردوو وڵات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە دیپلۆماسیانە یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هێرشانەی کە خاکی هەرێمەکەیان کردۆتە ئامانج.

ڕوونیشیکردەوە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و پابەندە بە یاساکانی ئەم وڵاتە.

نووری عوسمان، جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، هەروەها ڕەتیکردەوە کە بنکە سەربازییەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، (موساد) لە ناوخۆی هەرێمدا هەبێت.

نووری عوسمان ئاشکرای کرد، شاندێکی ئێرانی سەردانی فڕۆکەخانەی هەریریان لە هەولێر کرد و لەو شوێنە ئاگادار کراونەتەوە. بە وتەی ناوبراو، شاندەکە دڵنیا کرایەوە کە هیچ بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل لەم فڕۆکەخانەیەدا نییە.

سەبارەت بە گرووپە دژبەرەکانی کوردی ئێرانیش، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕوونی کردەوە کە بوونی بەشێکی زۆری ئەو گرووپانە لە هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم حزبانە چەکدارەکان و هەروەها گرووپی پەنابەران لەخۆدەگرێت و هیچ ئامارێکی ورد لەسەر ژمارەیان نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گرووپانە بە مانا ئاساییەکەی کەمپی سەربازییان نییە، بەڵکوو پێگەی سەربازی و چەکی سووک دەپارێزن. بە وتەی نووری عوسمان، ڕاوێژ و بوونی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و تاران بووەتە هۆی کشانەوەی پێگەکانی ئەو دژبەرانە لە ناوچە سنوورییەکان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەکانی قووڵایی ناو هەرێم کە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە سنوورەکانەوە دوورن.

ئاماژەی بەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی لە بۆنە جیاوازەکاندا بە لایەنە دژبەرەکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی وڵاتانی دراوسێ ڕێگەپێدراو نییە.

سەبارەت بە تۆمەتەی پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران، نووری عوسمان ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستانی عێراق لەبەردەم دۆخێکی ئاڵۆزدایە؛ وەک چۆن تاران هەرێم بە داڵدەدانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان تۆمەتبار دەکات، لە کاتێکدا واشنتۆن تۆمەتباری کردووە بەوەی چەکەکانی ڕادەستی ئەو گرووپانە نەکردووە.

ناوبراو بەڕاشکاوی ڕەتیکردەوە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق هیچ چەکێکی ئەمریکییان پێگەیشتبێت بە ئامانجی گەیاندنی بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو بانگەشەیەی واشنتۆن چەکی ناردووە بۆ ناوچەکە بۆ ڕادەستکردنی بەو گرووپانە هیچ بنەمایەکی نەبووە و هەرێم لەم بابەتەدا لە هیچ لایەکدا نییە.

سەبارەت بە پرسێکی تریش نووری عوسمان هیوای خواست پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوام بێت.

جەختیشی کردەوە کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بەردەوام بێت لە ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان هەردوولا و پاڵپشتی لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان.

هەروەها ڕێککەوتنێکی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ ناو پۆلیسی عێراق لە سنووری پارێزگای شنگال ڕاگەیاند.

لە بواری ئابووریشدا نووری عوسمان دانی بەوەدانا کە شەڕی ئەمریکا و ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری عێراق هەبووە و لێکەوتەکانی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بە تایبەت لە کەرتی نەوتدا تەشەنەیکردووە.

ڕوونیشی کردەوە، هەناردەی نەوتی هەرێم نەیتوانی جێگەی ئەو هەناردە ڕاگیراو یان کەمبووەوە بگرێتەوە لە باشووری عێراق؛ چونکە توانای بۆری هەناردەکردن سنووردارە و لە ئێستادا دەگاتە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەڵام ئەگەری زیادکردنی ئەم توانایە هەیە بۆ 750 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی ساڵێکدا.

سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەش، نووری عوسمان جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هێزانە سروشتێکی یاسایی و دەستورییان هەیە و لە چوارچێوەی سیستەمی یاسایی عێراقدا کاردەکەن؛ بۆیە ناتوانرێت بەراورد بکرێن بە گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.

هەروەها جەختی لە پاڵپشتی هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ قۆرخکردنی چەک لە دەستی حکوومەت.

ڕوونیشیکردەوە، هێزی پێشمەرگە چەکی قورس و بەربڵاوی نییە و ئەو کەلوپەلانەی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەریانگرتووە لەکاتی شەڕی گرووپی تیرۆریستی داعشدا بە ئاگاداری حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بووە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەرۆکی نووسینگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندییەکانی هەرێمی لەگەڵ ڕووسیای بە "جیاواز" وەسف کرد و ڕایگەیاند، ئەو پەیوەندییانە لە چوارچێوەی دیپلۆماسی حکومەتی عێراق بەدواداچوون دەکرێن و هاوکاریی ئابووریی بەرفراوان لەخۆ دەگرن، بەتایبەت لە بواری وزەدا.

ناوبراو ئاماژەی بە ڕۆڵی کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی کرد لە کارەکانی گەڕان و هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە و ڕایگەیاند کە چالاکیی کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا بەردەوامە و هەولێر ڕووبەڕووی فشارەکانی ئەمریکا نییە سەبارەت بەم هاوکارییە.

News ID 60695

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha